ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی ئایاردا ھەڵگرتنی مەرجی بەستنی دەمامک بۆ ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە راگەیاند.
خاوەن قاوەخانەیەک لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، رایگەیاند لە دوای ھەڵگرتنی پابەندبوون بە بەستنی دەمامک بۆ ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، بڕی پێنج دۆلار لەو سەردانیکەرانە وەردەگرێت کە بە دەمامکەوە دێنە قاوەخانەکە و پارە کۆکراوەکە دەبەخشێتە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی.
بەگوێرەی ھەواڵێکی کەناڵی NBC Newsی ئەمریکی، چیس کاستلمانی تەمەن ٣٤ ساڵان، کە قاوەخانەیەک لە ناوچەی میندۆکینۆ لە کالیفۆرنیا بەڕێوەدەبات، لەسەر دەرگای قاوەخانەکەی نووسیویەتی، پێنج دۆلار لەو سەردانیکەرانە وەردەگیرێت کە دەمامکیان بەستووە.
کاستلمان، لە لێدوانێکیدا بۆ NBC News رایگەیاند، "ئەو کەسانە وا خۆیاندەردەخەن کە زۆر بایەخ بە کۆمەڵگەکەیان دەدەن، بۆیە رەنگە وەرگرتنی پێنج دۆلار بۆ کۆمەڵەیەکی خێرخوازی شتێکی ئەوتۆ نەبێت".
چیس کاستلمان، ئەوەشیخستەڕوو، لە دوای ئەوەی کە ئیدارەی خۆجێی ويلايەتەكە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠دا بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مەرجی بەستنی دەمامکی خستبوویە سەر ھەموو کەسێک، ناچاربووە کە بۆ ماوەیەکی کاتی قاوەخانەکەی دابخات و تووشی زیانى ماددى بووەتەوە و گوتیشی، "حکومەت ھەموو شتی داخست. بەڕای من دەمامک رێکارێکە کە ھیچ کاریگەری نییە".
ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای مانگی ئایاردا ھەڵگرتنی مەرجی بەستنی دەمامک بۆ ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە راگەیاند.