بنیامین برێر هاوڵاتییەکی فەڕەنسییه پێش ١٠مانگ بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی ئێرانی کردووە، ماوەی چەند مانگێکە راگیراوە، هاوکات، بڕیاریشه بەتۆمەتی سیخوڕی زیندانی بکرێت.
سەعید دەهقان پارێزەری بنیامین برێر رایگەیاند، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن و دژایەتی کردنی دەسەڵاتدارانی ئێران، پێیدەچێت تاران بۆ ماوەیەکی دور و درێژ سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنێت.
دەهقان باسیشی لەوەکرد، ئەو گەشتیارە فەڕەنسییه لە زیندانی وەکیل ئاباد لەشاری مەشهەد بەندکراوە و بەرپرسانی وڵاتەکەی لە رێگەی کونسوڵخانەی فەڕەنساوە پەیوەندی پێوە دەکەن.
پارێزەرەکەی بنیامین روونیشیکردەوە، تۆمەتەکە لەسەر پۆستێکی فەیسبوک بوە کە تێیدا باسی لە وەکردوە باڵاپۆشی لە ئیراندا فەرزە بەپێچەوانەی چەندین وڵاتی ئیسلامی دیکە.
سەعید دەهقان دەشڵێت، ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی نییه و دورن لە راستییەوە و ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین دادگا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم دۆسییە بکات پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدات.