وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، قەیرانی وشکەساڵی لەو وڵاتە گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و لە هاوینی ئەمساڵدا زۆرێک لە شارە گەورەکان تەنانەت بۆ ئاوی خواردنەوە رووبەڕووی کەمی ئاو دەبنەوە.
رەزا ئەردکانیان وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، ئەمساڵ ئێران یەکێک له وشکترین هاوینەکان بە خۆیەوە دەبینێت لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا.
عیسا کەلانتەر وەزیری پێشووی کشتوکاڵی ئێران و سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران ئاشکرای کرد، ساڵانە ٢٠ ملیار مەتر سێجا سامانی سروشتی و ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی زۆر بەکاردێت و ئەمەش بە واتای تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئاودێت.
دەشڵێت، بێ بارانی پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوییەوە هەیە و هەروەها بەکارهێنانی نادروست و لە رادەبەدەری سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی لە دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتن، وای کردووە ئێران تووشی قەیرانێکی وشکەساڵی ببێت کە ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپتربوون بڕوات.
عیسا کەلانتەر وەزیری پێشووی کشتوکاڵی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، شەڕی ئاو لە نێوان پارێزگا و گوندەکاندا دەستیپێکردوە و سروشتی وڵاتەکەش بووەتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی بەرپرسان، لە ئێستادا دەیەوێت وەڵامی دەستدرێژی ئەم نەوە خۆپەرستە بداتەوە.
بە گوێرەی رێککەوتنێکی ساڵی ١٩٩٧ی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە ساڵانە تا ٤٠٪ی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی بەکاربێنن، بەڵام ماوەی چەند ساڵە بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە لە ئێران گەیشتووەتە رێژەی ١٠٠%.
لەلایەن خۆیەوە مەنسور سوهرابی، پسپۆڕی بواری ژینگە لە ئاڵمانیا بەدەنگی ئەمریکای راگەیاند، دروستکردنی بەنداوەکان لە شوێنی خراپدا لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وایکردووە کە زۆرێک لە ئاوی ئەو وڵاتە ببێتە هەڵم و ئەمەش هۆکارێکی دیکە دەبێت بۆ کەم ئاوی و وشکەساڵی.
وتیشی، ئەمساڵ ئێران رووبەڕووی هاوینێکی قورس و کەم ئاو دەبێتەوە، هاوکات، خراپ بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی زۆر و هەڵەی سەرچاوە ئاوییە ژێر زەوەییەکان وایکردوە ئەو وڵاتە لە ئێستادا تووشی قەیرانی کەم ئاوی بێتەوە و ئەمەش زیانێکی زۆر دەگەیەنێت بە بەشی کەشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
ئەمە لەکاتێکدایە، مەهدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند ، داهاتە ئاوییەکانی بەنداوی دوکان بەبەراورد بەساڵی رابردوو بەڕێژەی ٧٠% کەمیکردووە. پێشتریش رایگەیاند، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەھۆی کەمی بارانبارینەوەیە، لە داھاتووشدا سەردانی ئێران دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی.
ئەمساڵ بەهۆی کەمی باران بارین و گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروان لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەستی گلدانەوەی و بەکارهێنانەوەی لە کێڵگە ئاودێرییەکانی ئێراندا، ئاستی ئاوی رووباری سیروان کە بەنداوی دەربەندیخانی لەسەر دروستکراوە، بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە و بەپێی وتەی پسپۆران بێت، مەترسی هەیە لە مانگی داهاتوودا کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروست بکات.