سەردێڕ:

زانیاری نهێنی لەسەر سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-05-29

43501 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانیەکان بڵاویانکردەوە، توێژینەوەیەکی نوێ بانگەشەی ئەوە دەکات ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین دروستکراوە و دواتر دەسەڵاتدارانی چین ڤێرژنی ڤایرۆسەکەیان گۆڕیوە بە جۆرێك کە بەشیوەیەکی سروشتی لە شەمشەمە کوێرەوە سەریهەڵدابێت.


ماڵپەڕی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەنگەس داوگلیش، پرۆفیسۆری بواری شێرپەنجە لە بەریتانیا و بیرگەر سۆرینسۆن، زانای ڤایرۆسناسی نەرویجی زانیاری نوێیان لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاشکراکردووە، ئاماژەیان بەوەشداوە، ''ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ناسراو بە کۆڤید-١٩هیچ پشتێکی سروشتی نییە، بەڵکو دروستکراوە و زنجیرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆتینی مردوو کە ئەمەش جێگای گومانە کە پەیمانی وهان بۆ ڤایرۆسناسی لەرێگەی ئەندازیاری جینییەوە گۆڕیویانە."

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ڤایرۆس بەشێوەیەکی سروشتی بەزین و گۆڕانی خاوە، بەڵام بەشێوەیەکی خێرا گەشەدەکات، زانایانی پەیمانگای وهان ڤایرۆسەکەیان والێکردووە خێراتر بڵاوببێتەوە و توانای کوشتنی خەڵکی هەبێت بەشێوەیەکی بەرچاو.

باسیان لەوەشکردووە، یاساکانی فیزیا رێگە بەوە دەدەن کە ڤایرۆسی سروشتی تەنیا سێ جۆر ترشی ئەمینۆ ئەسیدی هەیە، بەڵام کۆرۆنای نوێ چوار دانەی هەیە و ئەمەش لەکاتێکدا روودەدات کە دروستکرابێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەمانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین و دواتر بەتەواوی لەسەرجەم وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە و دواتر بوو بە پەتایەکی جیهانی و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٧٠ ملیۆن کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار گیانلەدەستدان تۆمارکراون.