سەردێڕ:

بەهۆی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکەوە؛ ئەمریکا سزا بەسەر بیلاڕوسیادا دەسەپێنێت

فۆتۆ: 
2021-05-29

1342 جار خوێندراوەتەوە

​کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی سزا بەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای بیلاروسیادا دەسەپێنێت، بەهۆی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکى بەرهەڵستکارى ئەو وڵاتە.


جین ساکى وتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو، سزاکان نۆ کۆمپانیای سەر بە حکومەتی بیلاڕوسیا و ئەندامانی سەرەکی دەسەڵاتی لوکاشینکۆی سەرۆکى ئەو وڵاتەى کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی لەلایەن دەسەڵاتی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆککۆماری بیلاڕوسیاوە بۆ ناچارکردنی ئەو فڕۆکەیەی کە ئەو رۆژنامەنووسەی تێدا بووە بە نیشتنەوە، دژایەتییەکردنێکی راستەوخۆی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.

پێشتریش، یەکێتی ئەوروپا لە بەرامبەر دەستگیرکردنی رۆمان بروتاسفیچ، رۆژنامەنووس و ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسیا، بڕیاریدا ئاسمانی خۆی و فڕۆکەخانەکانی بۆ هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتە دابخات، هاوکات، هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتریش دەکات.

رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی مەدەنی؛ کە هەڵگری ١٧٠ سەرنشین بوو لە یۆنانەوە بەرەو لیتوانیا دەڕۆیشت، بە بیانووی هەبوونی بۆمبی چێنراو لەناویدا بە فڕۆکەیەکی جەنگی لە فڕۆکەخانەی مینسک لە بیلاڕوسیا ناچار بە نیشتنەوە کرا، دواتریش رۆمان بروتاسفیچ بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە دەستگیرکرا.