سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بەهۆی رەفتارێکی هاوسەرەکەیەوە باڵیۆزی بەلجیکا لە کۆریای باشور لە کارەکەی دوورخرایەوە

فۆتۆ: 
2021-05-28

8971 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەى بەلجیکا رایگەیاند، بڕیاریان داوە بە دوورخستنەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە کۆریای باشور، کە ئەوەش بەهۆی رەفتاری هاوسەرەکەیەوە بووە لەگەڵ کارمەندێکی فرۆشیار لە یەکێک لە فرۆشگاکانی جلوبەرگدا.


وەزارەتی دەرەوەى بەلجیکا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریانداوە پیتەر لیکۆیەی باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە کۆریای باشور لەسەر کارەکەی دوور بخەنەوە، پاش ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا هاوسەرەکەی هێرشیکردە سەر کارمەندێکی فرۆشگایەکی جلوبەرگ.

لەو بارەیەوە وەزارەتەکە دەڵێت، کە پیتەر لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە خزمەتی کردووە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخە و ئەو رووداوەوە ناتوانێت لە کارەکەی بەردەوام بێت.

پاش رووداوەکە فرۆشگاکە ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا نارەزایەتی لێکەوتەوە، بەدەر لە کۆریاش ڤیدیۆکە بە میدیاکانی جیهانیشدا بڵاوبووەوە.

پیتەر ماوەی سێ ساڵە لە کۆریای باشور باڵیۆزی بەلجیکایە و لە مانگی نیسانی رابردوودا، هاوسەرەکەی لە یەکێک لە فرۆشگاکانی جلوبەرگدا لەگەڵ کارمەندێکی فرۆشگاکەدا گرژی دروستدەکات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، هاوسەری باڵیۆزی بەلجیکا، لە فرۆشگاکەدا پارەی نەداوە و دەیەوێت بچێتە دەرەوە و کارمەندی فرۆشگاکەش بیری دەهێنێتەوە پارەکەی بدات، بەڵام لە کارمەندەکە توڕە دەبێت و زللـەی لێدەدات.

لەو بارەیەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا داوای لە هاوسەری باڵیۆزەکە کردووە کە داوایلێبوردن لە کارمەندی فرۆشگاکە بکات و پارێزبەندیشی لەسەر هەڵگرت.