سەردێڕ:

سعودیە رێژەی ئەنجامدەرانی حەجی ئەمساڵی دیاریکرد

فۆتۆ: 
2021-05-28

5052 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی حەج و عەمرەی عێراق رایگەیاند، سعودیە بڕیاریداوە ٦٠ هەزار کەس ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجامبدەن، بەڵام تاوەکو ئیستا پشکی عێراقی دیارینەکردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەکە.


سامی مەسعودی سەرۆکی دەستەی حەج و عەمرەی عێراق لەراگەیەندراوێکدا باسی لەوەکرد، ئامار و داتای ئەو کەسانەی کە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ساڵانی  ٢٠٢٠ - ٢٠٢١ ئامادەکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە لەوەدایە تا ئێستا وەزارەتی حەجی سعودییە ژمارەی حاجییەکانی وڵاتانی جیهانی دیارینەکردووه، بەڵێنیشیداوە بەم زووانە بە وڵاتانی رابگەێنێت.

سامی مەسعودی ئەوەشی وت، ئامار و ژمارەی ئەو کەسانەی کە فەریزەی حەج ئەنجامدەدەن ساڵانە دەگاتە دوو ملیۆن کەس بەڵام لە ئەمساڵدا بەهۆی فایرۆسی کۆرۆناوە ژمارەکە کەمرایەوە بۆ ٦٠ هەزار و تا ئێستاش نازانرێت کە ئایا عێراق دەگرێتەوە یاخود نا.

دەستەی حەج و عەمرە باسی لەوەشکرد، وڵاتی سعودیە ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بەمەرجی سەرەکی ئەنجامدانی حەج داناوە و دەستەی حەجیش تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ ئەو مەبەسته.