فۆتۆ:
2021-05-28
6016 جار خوێندراوەتەوە
لەپرۆسەیەکی گەڕان و پشکنینی شوێنەواریدا، لەیەکێک لە گۆڕستانە دێرینەکانی باکوری سودان لەسەر کەناری نیل، شوێنەواری ١٣٤ سەدە لەمەوبەری مرۆڤایەتی و جەنگی نێوان مرۆڤەکان ئاشکرا دەکات، کە تیایدا کەلوپەل و ئامێرە جەنگییەکانی ئەو سەردەمەی مرۆڤایەتی تێدا دەردەکەوێت.
بەگوێرەی توێژەرەوانی بواری شوێنەوارناسی، ئەمە دووەم هەوڵی گەڕان و پشکنینە لەو گۆڕستانەدا و پێشتریش لە شەستەکانی سەدەی بیستی رابردوودا گەڕان و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە، بەگوێرەی دەرکەوتنەکانیش، لەو گۆڕستانەدا شوێنەواری مرۆڤایەتی و جەنگەکانی کە بۆ سەدەکانی پێش زایینەوە دۆزراوەتەوە.

لە گۆڕستانەکەدا، جەستەی ٦١ پیاو و ژن و منداڵی تێدایە، کە ٤١ دانەیان نیشانەی بریندارییان پێوە بووە، هەروەها بەگوێرەی نیشانەکانیش ئەو کەسانە بەهۆی تیر و ڕمەوە برینداربوون بەهۆی ئەو جەنگانەی کە لە نێوانیاندا روویداوە.

لەبارەی دۆزینەوەکەشەوە، ئیزابێل کریفیکۆر توێژەر لە ناوەندی نیشتیمانی فەڕەنسی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لە زانکۆی بۆردو، ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی نیشانە شوێنەوارییەکان دەرکەوتووە، کە جەنگی نێوان کۆمەڵ و گروپەکانی ئەوکاتەی مرۆڤایەتی کاریگەری تایبەتی لەسەر ژیانی تاکی مرۆڤایەتی ئەو سەردەمە هەبووە.