پاش راگەیەندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی سوریا و بەدەستهێنانەوەی کورسی دەسەڵات بۆ جارێکی دیکە، لە کاردانەوەدا هەریەکە لە ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا و تورکیا ئەنجامەکانیان رەتکردەوە و تیایدا بە "گاڵتەئامێز" ناوزەندیانکردووە.
لەراگەیەندراوێکی هاوبەشدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمریکا لەپێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە رایاناگەیاند، کە هەڵبژاردنەکە نایاساییە و ئازادیی و دادپەروەریی تێدا نییە بەبێ چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان، ئاماژەیان بەوەشکرد، "ئێمە پشتیوانی دەنگی هەموو گەلی سوریا دەکەین، بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەشەوە".
هاوکات، لەپاش راگەیاندنی ئەنجامەکەش روسیا ئەنجامەکەی پەسەند کرد و لەوتەیەکیشیدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، دیمتری بۆلینسکی نوێنەری روسیا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەکرد، "دەنگەکانی هەڵبژرادنەکەی سوریا، هاوتایە لەگەڵ دەستووری سوریا و یاسای ئێستای ئەو وڵاتەدا و، پێچەوانەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانیش نییە".
شەوی رابردوو، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی سوریا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند و تیایدا، بەشار ئەسەد سەرۆکی ئێستای سوریا بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە، دوای ئەوەی رێژەی زیاتر لە ٩٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەش، بەشار ئەسەد ١٣ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار و ٨٦٠ دەنگی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێناوە، کەدەکاتە ٩٥%ی کۆی دەنگەکان.
لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی سوریادا، سێ کەس لەنێویشیاندا بەشار ئەسەد، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری سوریا هەڵبژارد و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش، بەشار ئەسەد توانی کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بباتەوە.
لەدوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی بەهاری عەرەبییەوە، ئەمە دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە سوریا، هەڵبژاردنی پێشووتر لەساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، بەڵام زۆرێک لە هێزە سیاسییە ناوخۆییەکانی سوریا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش، بە نایاسایی و نا دیموکراسی لەقەڵەمیاندا، کە تیایدا بەشار ئەسەد ٩٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.