سەردێڕ:

ژمارەی جگەرەکێشانی جیهان یەک ملیاری تێپەراند

ساڵانە حەوت ملیۆن کەس دەکوژێت
فۆتۆ: 
2021-05-28

7654 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی کە ناوەندی 'Lancet'ی جیهانی بۆ توێژینەوە بڵاویکردوەتەوە؛ دەرکەوتووە لەماوەی تەنها ساڵی ٢٠١٩دا جگەرەکێشان "هەشت ملیۆن" کەسی کوشتووە و لەئێستاشدا، ژمارەی جگەرەکێشانی جیهان گەشتوەتە ١.١ ملیار کەس و، ١٠ وڵاتیش لە ریزبەندی زۆرترین رێژەی جگەرەکێشانن.


توێژینەوەکە لەلایەن ناوەندی 'Lancet'ی جیهانیی بۆ توێژینەوە پزیشکییەکان ئەنجامدراوە و تیایدا، لە ٢٠٤ وڵاتی جیهان و بەبەشداری ناوەندی توێژەرانی جیهانی ئەنجامدراوە و، بەگوێرەی توێژینەوەکەش، نیوەی وڵاتان هیچ پێشکەوتنێکیان لە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە جگەرەکێشان بەتایبەتی بۆ گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٢٤ ساڵان و لەکاتێکدا تەمەنی یاسایی جگەرەکێشان لە ١٩ ساڵییەوە دەستپێدەکات.

بەگوێرەی توێژینەوەکەش، چین، هندستان، ئەندەنوسیا، ئەمریکا، روسیا، بەنگلادیش، یابان، تورکیا، ڤێتنام و فلیپین، لە ریزبەندی ئەو ١٠ وڵاتەی جیهاندان کە زۆرترین رێژەی جگەرەکێشانیان تێدایە. 

Five ways to quit smoking

ماریسا ریتسما سەرپەرشتیاری توێژەینەوەکەیە و لەبارەی تویژینەوەکەوە دەڵێت، "لەساڵی ٢٠١٩دا بەهۆی جگەرە کێشانەوە هەشت ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە و، لەئێستاشدا رێژەی جگەرە کێشان گەشتوەتە زیاتر لە یەک ملیار کەس لە جیهاندا".

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بێتو کەسانی گەنج لە بیستەکانی تەمەنیاندا بەبێ جگەرەکێشان بەسەر ببەن، ئەوا بەشێوەیەکی بەرچاو رێژەی جگەرەکێشان بۆ نەوەکانی داهاتوو کەمدەبێتەوە.

لەساڵی ٢٠٠٥دا، ١٨٥ وڵاتی جیهانی رێککەوتنێکیان تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنی توتن و دانانی سیاسەتی تایبەت بە کەمکردنەوەی جگەرە کێشان واژۆکرد، سەرباری ئەمەش ئاماژەی بەگرنگیی و کاریگەیی "باج" دەکەن وەک سیاست و پلانێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی جگەرەکێشان. هاوکات، جگەرەکێشان بە یەکێک لە هۆکارەسەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا دادەنرێت.

Even Smoking 'Just' One or Two Cigarettes a Day Increases Your Risk of Lung  Disease – Health Essentials from Cleveland Clinic

ڤین گوپتا توێژەری بەشداربوو لە توێژینەوەکە لەبارەی هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ رێگریکردن لە جگەرەکێشان ئەوەی خستەڕوو، پێویستە رێککەوتنێکی بەهێزتر بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی جگەرەکێشان بێتەکایەوە و، ئاماژە بە جیاوازی نرخی پاکەتی جگەرەش لە نێوان وڵاتە گەشەسەندووەکان لەلایەک و وڵاتە مامناوەند و هەژارنشینەکان کاریگەری لەسەر زیادبوونی رێژەی جگەرەکێشان هەیە و بەجۆرێک، لەوڵاتە گەشەسەندووەکاندا نرخی جگەرە زۆر گرانترە بەبەراورد بە وڵاتە مامناوەند و هەژارنشینەکان.

بەگوێرەی ئامارێکی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی نەخۆشییەکانی ئەمریکاش، لەئێستادا ساڵانە نزیەکی "حەوت ملیۆن"کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن و، رۆژانەش زیاتر لە دوو هەزار هەرزەکار دەست بەجگەرەکێشان دەکەن و تەنها لە سەدەی بیستی رابردووشدا، رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی جگەرەکێشانەوە بە زیاتر لە "١٠٠ ملیۆن"کەس دەخەمڵێندرێت، کە زۆربەیان لە وڵاتە پێشکەوتوەکانن، بەگوێرەی پێشبینییە پزیشکییەکانیش، لەسەدەی ٢١دا، زیاتر لە یەک ملیار کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن.

 

ئەو نەخۆشیانەی کە جگەرەکێشان هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانییەتی لە مرۆڤدا بریتین لە، نەخۆشییەکانی دەم وددان، شێرپەنجەی سی، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و جگەر و، نەخۆشە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە، بەرزەفشاری خوێن، نەخۆشییەکانی دڵ، رەبۆ، نەخۆشییەکانی گورچیلە.

بەپێی چەند راپۆرتێکی پزیشکیش، لەوانەیە جگەرەکێشان ببێتە هۆی زووپیربوون و لەدەستدانی هەندێک لەخانە بیرەوەرییەکان و لاوازکردنی کۆئەندامی دەماری مرۆڤ. 

 

نەورەس غەریب