سەردێڕ:

بەشار ئەسەد بە سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرایەوە

فۆتۆ: 
2021-05-27

5425 جار خوێندراوەتەوە

بەشار ئەسەد سەرۆکی ئێستای سوریا بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە، دوای ئەوەی رێژەی زیاتر لە ٩٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا.


پاش ئەوەی دوێنی چوارشەممە، لەسەرانسەری سوریا هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا، کەمێک پێش ئێستا دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی سوریای ئاشكراکرد و بەوپێیەش، بەشار ئەسەد بە سەرۆکی سوریا هەڵبژێردرایەوە و ٩٥%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەش، بەشار ئەسەد ١٣ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار و ٨٦٠ دەنگی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێناوە، کەدەکاتە ٩٥%ی کۆی دەنگەکان

لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی سوریادا، سێ کەس لەنێویشیاندا بەشار ئەسەد، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری سوریا هەڵبژارد و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش، بەشار ئەسەد توانی کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بباتەوە.

لەدوای سەرهەڵدانی گرژییەکانی بەهاری عەرەبییەوە، ئەمە دووەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە سوریا، هەڵبژاردنی پێشووتر لەساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، بەڵام زۆرێک لە هێزە سیاسییە ناوخۆییەکانی سوریا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش، بە نایاسایی و نا دیموکراسی لەقەڵەمیاندا، کە تیایدا بەشار ئەسەد ٩٢%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

 

'بەشار حافز ئەسەد' کوڕی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریایە و لە١١ ی ئەیلولی ١٩٦٥ لە دیمەشق لەدایکبووە، لە ١٧ی تەمموزی ٢٠٠٠شەوە وەک ١٩یەمین سەرۆکی سوریا دەستبەکاربوو، لەبەهاری ساڵی ٢٠١١شەوە، دژی مانەوەی لەکورسی دەسەڵات، هاوڵاتیانی سوریا خۆپیشاندانیان بەرپاکرد.