رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ داوای لە هەریەک لە حکومەتەکانی دانیمارک و فنلەندا و نەرویج و سوید کرد ١٦٤هاوڵاتیان لە کەمپی هول لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان کە لەنێویاندا ١١٤ منداڵ هەن.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، پەیامێکی ئاراستەی وڵاتانی ئەنسکەندەنافیا کردووە بەشێوەیەکی بەپەلە دەست بکەن بەگەڕاندنەوەی هاوڵاتیانیان کە بە نایاسایی لە کەمپی ئاوارەکانی هولن و هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ١٦٤ هاوڵاتی دانیمارکی و فنلەندی و نەرویجی و سویدی لە کەمپەکەدان کە لەنێویاندا ١١٤ منداڵ هەن.
بە گوێرەی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ لە ئێستادا ٣٠ هاوڵاتی دانیمارکی و ٢٢ فنلەندی و ٣٧ نەرویجی و ٦٥ بۆ ٧٥ سویدی لە کەمپی هولدا ئاوارەن کە لەنێو ئەو ژمارەیەش ٣٦ ژن و ١١٤ منداڵ هەن. تەنها وڵاتی دانیمارک لە ١٨ ئایا رایگەیاند، بەنیازە سێ دایک لەگەڵ ١٤ منداڵەکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی بێ ئەوەی وادەی گێڕانەوەیان دیاری بکات.
پێشتر، وڵاتانی ئەسکەندەنافیا ٢٥ پیاو و شەش ژن و ٢٢ منداڵیان لە کەمپی هول بۆ ڵاتەکانیان گێراوەتەوە.