محەمەد ئەمین ئۆزکان زیندانیی سیاسییە لە ئامەد، ئێستا تەمەنی ٨٣ ساڵە بەهۆی تێکچوونی تەندروستییەوە بە کەلەپچەکراوی رەوانەى نەخۆشخانەی فێرکاریی گازی یاشارگیل لە ئامەد کرا.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساتی بردنی بۆ نەخۆشخانە بەنەخۆشی و بە کەلەپچەکراوی بەو تەمەنەوە، کاردانەوەی لێکەوتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکیی رەخنەی ئەوەیان گرتووە کە چۆن دەبێت کەسێک بەو تەمەنەوە کە بە ئەستەم رێدەکات و گرفتاری چەندین نەخۆشیی درێژخایەنە بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، پاش بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان، بنەماڵەى ئۆزکان بۆ ئەوەى لە نەخۆشخانە چاودێری و خزمەتى باپیرەیان بکەن، سەردانی داواکاری گشتی و بەڕێوبەرێتی زیندانی ئامەدیان کرد کردووە.
ئۆزکان ماوەى ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، تووشی چەندین نەخۆشی درێژخایەن بووە و دۆخی تەندروستی خراپە، تەنها لەم مانگەدا چەندجارێک رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لە ٢٢ی تشرینى یەکەمی ساڵی ١٩٩٣ لە ناوچەى لیجەى ئامەد، جەنەڕاڵ بەختیار ئایدن فەرماندەی جەندرمەی لیجە کوژرا، دواى نزیکەى ٣ ساڵ بەسەر کوشتنى بەختیار ئایدن، محەمەد ئەمین ئۆزکان ناسراو بە ئاپێ دەستگیرکراوە.