سەردێڕ:

ئەمریکا بەبڕى ٣٦٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری فەڵەستین دەکات

فۆتۆ: 
2021-05-26

1030 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەبڕى ٣٦٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری رەوانەی فەڵەستین دەکات.


نوسینگەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ ناردنی هاوکاریی بۆ هاوڵاتیانی فەڵەستینی دەکات بە قەبارەی ٣٦٠ ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، هاوکارییەکەی ئەمریکا ٣٣ ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەکانی فەڵەستین و بەمەبەستی پشتیوانیکردنی کارەکانیان پێشکەشدەکرێت، هاوکات، زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلاریش بۆ بنیادنانەوەی کەرتی رۆژئاوا و غەززە دابینکراوە و پێشکەشی رێکخراوە مرۆییەکان دەکرێت.

ئەم هاوکارییەی ئەمریکا بەمەبەستی پشتیوانیکردنی رێکخراوە مرۆییەکانە لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و پێداویستی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی فەلەستین.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى ١١ رۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و کوشتنى ٢٤٣ هاوڵاتی فەڵەستینی ١٢ ئیسرائیلی، دواجار بە نێوەندگیری میسر و قەتەر ئاگربەستى نێوان ئەو دوو وڵاتە راگەیەندرا.