سەردێڕ:

بەریتانیا بڕیارێکی لەبارەی بتکۆینەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-05-26

9447 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەهاکەی دابەزی، حکومەتی بەریتانیا بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشانەی داوا لەخەڵک دەکەن دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین بکڕن دەرکرد.


ئەمڕۆ چوارشەممە، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەستەی چاودێریکردنی ریکلامەکان لە بەریتانیا ریکلامەکانی بانگەشەکردن و هاندانی خەڵک بۆ کڕینی دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین دەرکرد و بە "نا بەرپرسانە و سەرلێتێکدەرانە" وەسفی کردوون.

بە گوێرەی رۆژنامەکە، ئەمڕۆ دوای هەفتەیەک دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین بەڕێژەی ٣٠% بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەهاکەی لەدەستدا،  لەکاتێکدا لە ناوەڕاستی مانگی نیسان نرخی یەک بتکۆین ٦٤ هەزار دۆلاری ئەمریکی تێپەڕاندبوو.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دابەزینی بەهای بتکۆین بەرامبەر بە دۆلار دوای ئەو هەڵمەتە دێت کە حکومەتی چین دەستیپێکردووە لە دژی ئەو بانکانەی دراوی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنن.

هەر بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەستەی چاودێریکردنی ریکلامەکان ئەوەی خستووەتەڕوو، هەندێک لەو سکاڵایانەی بەدەستیان گەیشتووە دەریان خستووە ریکلامەکان کەم ئەزموونی بەکارهێنەران و سادەباوەڕیانی قۆستووەتەوە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، دەستەواژەی "ئێستا کاتی کڕینیەتی" کاریگەری لەسەر کڕیاران هەبووە و ئەو باوەڕەی لادروستکردوون کە زانیارییەکان لەبارەی بتکۆین و بەدەستهێنانی وردە و دەتوانن بە ئاسانی بەدەستی بهێنن.

دەستەی چاودێری ریکلامەکان دەڵێت، "تێگەیشتووین لەوەی بەدەستهێنانی بتکۆین ئاڵۆزە و ئەم جۆرە ریکلامانە بەکارهێنەرانی توشی زیانێکی گەورەدەکات، ئەم جۆرە ریکلامانەش پێچەوانی بنەماکانی ریکلامکردنن".

بیتکۆین Bitcoin  دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە، ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو، بەهای بیتکۆین ئەمساڵ لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.