سەردێڕ:

کات و شوێنی کۆبوونەوەی بایدن و پوتین ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2021-05-25

3587 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی رایگەیاند، مانگی داهاتوو لە شاری ژنێفی وڵاتی سویسرا، هەریەکە لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی روسیا کۆدەبنەوە. ​


کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، لە رۆژی ١٦ی مانگی داهاتوودا، هەریەکە لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە شاری ژنێف لە وڵاتی سویسرا کۆدەبنەوە و باس لە چەندین "پرسی هەستیار"ی نێوانیان دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی، بایدن و پوتین لە کۆبوونەوەکەیاندا، چەندین "پرسی هەستیار"ی نێوان هەردوو وڵات، پێشبینییەکان و سەقامگیرییەتی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا تاوتوێ دەکەن.

ماوەیەکە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت و ئەم هەفتەیە جەیک سولیڤان راوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا و نیکۆلای پاتریشیوی راوێژکاری ئاسایشی روسیا کۆبوونەوە.

بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکی روسیا و سەرۆکی ئەمریکا، "تەواو جیاواز" دەبێت لە کۆبوونەوەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری هەریەکە لە پوتین و ترەمپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە شاری هێلسینکی وڵاتی فینلەندا، کە تیایدا ترەمپ جەختی لەسەر پرسی دەستێوەردانەکانی روسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا نەکردەوە.

پەیوەندییەکانی ئەمریکا و روسیا، ماوەی چەندین ساڵە ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، کە تیایدا ئەمریکا بە هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر دامەزراوە فەرمییەکانی و دەستوەردا لە هەڵبژاردنەکانی روسیا تۆمەتبار دەکات و روسیاش لە سەپاندنی سزا و ئابڵوقەی ئابوری بەسەریدا لەلایەن ئەمریکاوە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.