فۆتۆ:
2021-05-25
592 جار خوێندراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەلئەبیب کۆبووەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیشدا رایگەیاند، دەیانەوێت ئاگربەستی فەڵەستین ئیسرائیل بەهێزتر بکرێت.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەستپێکی سەردانەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئاگربەستەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بەردەوام بێت و هاوکاری ئاوەدانکردنەوەی غەزەش دەکەن.
هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوان مافی بەرگری لە خۆکردنیان هەیە و ئەگەر ئەمجارە حەماس هێرش بکاتەسەریان ئەوان وەڵامیان توندتر دەبێت.

پاش ١١ رۆژ لە شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، شەوی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ فەڵەستین رازی بوو و حەماسیش رەزامەندبوونی خۆی بۆ ئاگربەستەکە دەربڕی.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕ و روبەڕوبوونەوەکاندا، ٢٤٨ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٩٤٨ کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون، هاوکات، ١٢ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستدا و ٣٥٧ کەسی دیکەش برینداربوون.