نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە جێگری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) داڤید بارنیا، دەچێتە شوێنی یوسف کۆهینی بەڕێوبەری دەزگاکە و پۆستی بەڕێوبەری دەزگای مۆسادی هەواڵگری ئیسرائیل دەگرێتە دەست.
نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، یوسف کۆهین کۆتایی بە ئەرکەکەی وەک بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل دەهێنێت، پاش ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە بەڕێوبەرایەتی ئەو دەزگایەدا بووە و، لەبری ئەویش دایڤید بارنیا وەک بەڕێوبەری نوێی دەزگاکە دەست بەکاردەبێت.
لەراگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە داڤید بارنیا لەپۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکار دەبێت و پاش ئەوەی ئەنجومەنی باڵای گشتی دادوەری ئیسرائیل داواکەی پەسەند کرد.
داڤید بارنیا تەمەنی ٥٦ ساڵە، ئێستا جێگری یوسف کۆهینی سەرۆکی دەزگای مۆسادە و سەرەتای مانگی داهاتوو دەچێتە شوێنی یوسف کۆهین، داڤید بارنیا شارەزایی جەنگی دژ بە ئێران و گروپی چەکداری حزب اللـەیە، لەساڵی ١٩٩٦ەوە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ەوە کردووە و وەک بەرپرسی کەیس کاریکردووە، لەساڵی ٢٠١٣ەوە تا ٢٠١٩ یەکەی تۆزمیتی بەڕێوەبردووە، کە داڤید بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی ئەفسەر و ستراتیژی گرنگ لەدژی ئێران و حزب اللـە.
ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) راستەوخۆ وابەستە بە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە و ئەو بڕیار دەدات کە کێ پۆستی بەڕێوبەری گشتی دەزگاکە بەڕێوەببات، هیچ پەسەندکردنێکی کابینەی حکومی یان کنیستێکی ئەو وڵاتەی پێویست نییە.