ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران، هەریەک لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە و ئیسحاق جیهانگیر جێگری یەکەمی ئێستای سەرۆککۆمار، کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات کاندید کردبوو، دورخستەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی پاراستنی دەستور لە ئێران رەزامەندی دەربڕی لەسەر پەسەندکردنی حەوت کاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکی ئەو وڵاتە کە بریتین لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دادگا و موحسین رەزایی ئەمینداری کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندی وڵات و سەعید جەلیلی ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئێران و عەلی رەزا زاکانی سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵێنەوە لە پەرلەمان و ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی و موحسین میهر عەلی زادە سەرۆکی یەکێتی وەرزشکاران و ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی ناوچەی کیشی ئابوری.
هاوکات، لەبەرامبەریشدا هەریەک لە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆککۆماری پێشوتری ئەو وڵاتە، کە پێشتر کەسایەتیەکی نزیک لە رابەری باڵای شۆرش و سوپای پاسداران دەناسرا و لە ئێستادا یەکێکە لە رەخنەگران و، ئیسحاق جیهانگر جێگەری یەکەمی حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێستای ئێران کە بە کاندیدی باڵی ریفۆرمخوازانی ئەو وڵاتە دادەنرێت دورخستەوە و رێگەی پێنەدان بەشداری رکابەرێتی هەڵبژاردنەکان بکەن.
لەلایکی دیکەوە، ئەنجومەنی پاراستنی دەستور عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران نزیک لە رابەری باڵای شۆرش و سوپای پاسدارانی لە هەڵبژاردنەکان دورخستەوە، هاوکات رایگەیاند، دورخستنەوەکەی قەبوڵکردووە و داوای لە گەلی ئێران کرد بەشێوەیەکی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
لەبەرامبەریشدا، هەریەک لە ئەمیر حسێن قازی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەرەی پارێزگاران و نزیک لە سوپای پاسداران و جەنڕاڵ رۆستەم قاسمی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری ئابوری لە کێبرکێ وخۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان کشانەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هەردوولا، ئەم کشانەوەیە لەبەرژەوەندی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئیبراهیم رەئیسی لەبەرەی پارێزگاران و نزیک لە رابەری شۆڕشی ئەوڵاتەوە دێت کە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووه. بە بڕوای چاودێران "رەئیسی" براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
شەپۆلی کشانەوەی کاندیدانی بەرەی پارێزگار و نزیک لە رابەری باڵا و سوپاسی پاسداران دوای ئەوە دێت عەمید حسێن دەهقانی راوێژکاری سەربازی عەلی خامنەئی رابەری باڵای شۆڕشی ئەو وڵاتە لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان کشایەوە.