سەردێڕ:

یونسێف: ملیۆنەها منداڵ کێشەی نەبوونی ئاوی پاک و ئاوەڕۆیان هەیە

فۆتۆ: 
2021-05-25

459 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی یونسێفی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارییەکان و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان ٤٨ ملیۆن هاوڵاتی لە نێویشیاندا منداڵ هەیە لەسەرتاسەری جیهان بەگشتی و عێراق و یەمەن و فەڵەستین و سوریا و ئۆکرانیا کێشەی دەستنەکەوتنی ئاوی پاک و نەبوونی ئاوەڕۆیان هەیە.


رێکخراوی یونسێف لە راپۆرتێکی نوێیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لە نۆ وڵاتی جیهاندا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا بەهۆی هێرشی گروپە جەنگیەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکان ٤٨ ملیۆن کەس پێویستیان بە ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ هەیە لە نێویشیاندا منداڵ هەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە عێراق یەک ملیۆن و ٨٥٠ هەزار هاوڵاتی ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەستناکەوێت و سیستمی ئاوەڕۆیان نییە.

هاوکات، لە یەمەن بەهۆی هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانانی عەرەبییەوە ١٥ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس بەشێوەی بەپەلە پێویستیان بە ئاوی پاک هەیە و بەهۆی ئەو کێشەیەوە هەزاران منداڵ توشی نەخۆشی کۆلێرابوون.

هەر بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە، لە فەڵەستین ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەس و لە سوریا نزیکەی ١٢ ملیۆن و ٢٠٠ کەس و لە ئۆکرانیا سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس پێویستیان بە دابینکردنی ئاوی پاک و سیستمی ئاورۆهەیە.

لە راپۆرتەکەیدا رێکخراوی یونسێف داوا لە وڵاتانی جیهاندەکات هەوڵبدەن لە ململانێ و کێشە وهێرشەکانیاندا منداڵان بپارێزن و رێکاری توند بەرامبەر ئەوکەسانە بگرنەبەر کە ئاوی پاک و سیستمی ئاوەڕۆی هاوڵاتیان بە ئامانج دەگرن.