سەردێڕ:

رۆحانی: ئەمریکا جگە لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە

فۆتۆ: 
2021-05-24

869 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، هیچ بژاردەیەک لەبەردەم ئەمریکادا نییە بۆ رێککەوتن لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی، جگە لەهەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لەگفتوگۆکانی ڤییەنا تا دەگەینە رێککەوتن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا.


لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەیدا، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی ڤییەنا تایبەت بە دۆسییەی ئەتۆمی، هەتا ئەوکاتەی کە دەگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ رۆژئاوادا.

سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا تایبەت بە پرسی سزاکانی سەر وڵاتەکەی باسی لەوەکردووە، "ئیدارەی ئەمریکا بە راشکاوی ئامادەیی خۆی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکای لەسەر تاران دەربڕیوە، لەچوارچێوەی دانوستانە بەردەوامەکاندا لە شاری ڤییەنای پایتەختی نەمسا".

حەسەن رۆحانی ئەوەشی وتووە، سەرباری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، بەڵام ئێران چوارچێوەی سزاکانی تێپەڕاندووە و لەئێستادا سێکتەری پیشەسازی وڵاتەکەی زۆر پێشکەوتووە. 

هاوکات، وتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو، "لەو بڕوایەداین کە لەسەر رێگا دروستەکەین بۆ ئەوەی رێگری لە ئێران بکەین بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی"، دەشڵێت، گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ ئێران تایبەت بە پرسی ئەتۆمی قورس بوو، بەڵام لەگەڵ هاوکارە ئەروپییەکانیان توانیوایانە ئەو بەربەستانەش تێبپەڕێنن. 

لەئێستادا، پێنجەمین پێنجەمین خۆلی گفتوگۆکان لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت و لەوبارەیەشەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گفتوگۆیانە هاوکاربوون لەوەی کە روون بێتەوە چ کارێک بۆ هەر کام لەلایەنەکان پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی بەرەو پێش بچن.



لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.