سەردێڕ:

دوای وەرگرتنی ڤاکسین، ئیسڕائیل رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا هەڵدەگرێت

فۆتۆ: 
2021-05-24

30908 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی ئیسڕائیل رایگەیاند، کۆتایی بە گرتنە بەری رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوخۆی وڵات هەڵدەگرێت کە سەپاندبووی بەسەر هاوڵاتیانیدا لە پێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. دەشڵێت، "ئەوەش دوای سەرکەوتنی هەڵمەتی کوتان و پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنابووە لە وڵاتدا".


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا سێجار داخستنی گشتی لە وڵاتدا راگەیاند و جێبەجێیکرد، لە ئێستادا قۆناغ بە قۆناغ ئابووری وڵاتەکە دەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ڤاکسینی فایزەر- بایۆنتیکیان وەرگرتووە.

لەسەرتاسەری ئیسرائیلدا ٩٢% ئەو هاوڵاتیانەی تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ زیاترە  یان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە یاخود توشی کۆرۆنابوون و لە ئێستادا چاکبوونەتەوە، بەمەش بەرگریان بۆ دروستبووە.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەرەتای هەفتە و لە رۆژی شەممە لە ئیسڕائیل تەنها ١٢ حاڵەتی نوێی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا  تۆمارکرد، ئەمەش کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە بەبەراورد لەگەڵ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کە رۆژانە زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەت تۆمار دەکرا.

لەلایەن خۆیەوە، یولی ئیلدشتاین وەزیری تەندروستی ئیسڕائیل رایگەیاند، " ئابووری ئیسڕائیل و هاوڵاتیان مەودایەکی فراوانتریان دەبێت بۆ هەناسەدان." هاوکات، هۆشیاریشیدا لەوەی ئەگەر رەوشەکە بگۆڕێت ئەوا ناچاردەبن دووبارە رێوشوێنەکانبگرنەوەبەر.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهان لەناوچەی هوبی وڵاتی چین سەریهەڵدا و لە کەمتر لە چوار مانگ بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە و وڵاتانی ناچار بە داخستنی گشتی و قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە زۆربەی وڵاتان راگەیەنرا و سنورەکان داخران و گەشتەکان راگیران، بەمەش نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی دابەزی.