وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دڵنیانییە لەوەی ئێران پابەندی بەڵێنیەکانی ئەتۆمی دەبێت بۆ ئەوەی گەمارۆکانی لەسەر لابچن.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، "پێموایە ئێران دەزانێت لە لایەنی ئەتۆمی چ کارێک پێویستە بۆ ئەوەی بەڵێنیەکانی جێبەجێبکات و ئەوەی ئێمە تا ئێستاش نەماندیووە ئەوەیە کە ئایا ئێران ئامادە و خوازیارە بڕیار بدات ئەوەی پێویستە بیکات، ئەمە تاقیکردنەوەیەکە و ئێمە هێشتا وەڵاممان نییە."
لەئێستادا، پێنجەمین پێنجەمین خۆلی گفتوگۆکان لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت و لەوبارەیەشەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گفتوگۆیانە هاوکاربوون لەوەی کە روون بێتەوە چ کارێک بۆ هەر کام لەلایەنەکان پێویستە ئەنجامی بدەن بۆ ئەوەی بەرەو پێش بچن.
لەپاش دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن، ئەمریکا بەرەو زیندووکردنەوە و کارپێکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا هەنگاوی ناوە و جۆبایدنیش رایگەیاندبوو، "وڵاتەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ رێککەوتنامەکە ئەگەر ئێران پابەند بێت."
لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.
رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.