سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بوونی دوو دەوڵەت تاکە چارەسەری کێشە و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە.
جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پرسی (دوو دەوڵەت)ـە و ئەوەش بە تاکە چارەسەر دەزانن.
جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە بۆ بونیادنانەوەی غەززە، هاوکار و هەماهەنگبن.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە و دەشڵێت، "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە دان بە مافی هەبوونی ئیسرائیلدا بنێن."
پاش ١١ رۆژ لە شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، شەوی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ فەڵەستین رازی بوو و حەماسیش رەزامەندبوونی خۆی بۆ ئاگربەستەکە دەربڕی.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەڕ و روبەڕوبوونەوەکاندا، ٢٣٢ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە هەزار و ٩٠٠ کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون، هاوکات، ١٢ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستدا و ٣٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.