هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باشور پێداگرییانکرد لەسەر پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ کۆریای باکور سەبارەت بە چەکە ئەتۆمییەکەی.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و مون جی سەرۆکی کۆریای باشور لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا ئامانجی هاوبەشی خۆیان خستەڕوو، کە ئەویش خاڵیبوونی نیمچە دوورگەی کۆریایە لە چەکی ئەتۆم.
لای خۆشییەوە، جۆ بادین ئاماژەی بەوەشکرد، تا زەمینە لەبارنەبێت ئامادەنییە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆببێتەوە و ئاگاداریشە کە چەندە کارێکی سەختە تا متمانە بە حکومەتی پیۆنگ یانگ بکرێت دەستبەرداری بۆمب و موشەکە ئەتۆمییەکانی بێت دوای ئەوەی سەرجەم سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا لەو کارە شکستخواردوو بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور کۆبووە و لە ساڵی ٢٠١٧ یشەوە کۆریای باکور هیچ تاقیکردنەوەیەکی لەسەر موشەکی کیشوەر بڕ نەکردووە.
بەڵام پسپۆڕان پێیانوایە، لەو ماوەیەدا کۆریای باکور پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی فراوانتر کردووە.