سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

فۆتۆ: 
2021-05-22

808 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسڕائیل و گروپە سەربازییەکانی کەرتی غەززە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا، نێد پڕایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەرێی پەیوەندییەکی تەلەفونیەوە قسەی لەگەڵ گابی ئاشکیناز،هاوتا ئیسڕائیلییەکەیدا کردووە.

راشیگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل پێشوازی لە گەشتەکەی بلینکن بۆ ناوچەکە کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، "لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا ئەنتۆنی بلینکن چاوی بە وەزیرانی دەرەوەی ئیسڕائیل و فەڵەستین و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکەوێت، ئەوەش بەمەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەوڵەکانی چاکبوونەوە و کارکردن پێکەوە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینیەکان".

هاوکات، نێد پرایس لەبارەی کاتی گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە هیچ زانیارییەکی نەخستەڕوو.

پاش ١١ رۆژ لە شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین و دوای ئەوەی چەندین هەوڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ نێوەندگیری و بەستنی ئاگربەست گیرانەبەر، هاوکات، دوای ئەوەی ئاماری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی فەلەستینی بۆ ٢٣٢ بەرزبووەوە و زیاتر لە هەزار ٩٠٠ کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون، لەبەرامبەردا ١٢ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ دیکەش برینداربوون، شەوی ٢٠ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵ فەڵەستین دەربڕی و گروپی چەکداریی حەماسیش رەزامەندبوونی خۆی بۆ ئاگربەستەکە دەربڕی.