سەردێڕ:

تورکیا داوایەکی ئاراستەی چەکدارانی پەکەکە کرد

فۆتۆ: 
2021-05-22

4890 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند بڵاوکراوەیەکیان بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی شیلادزێ و کانی ماسی لە قەزای ئامێدی سەر بەپارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە و تیایدا داوایان لە چەکدارانی پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە) کرد خۆیان رادەستبکەن.


ماڵپەری دەرکا مازی بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دەیەها بڵاوکراوەیان بەهەردوو زمانی کوردی و تورکی بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی کانی ماسی و سیرێ و شیلادزێ لە شاری دهۆک بڵاوکردۆتەوە و داوایان لە چەکدارانی پەکەکە کردووه خۆیان رادەستبکەنەوە بۆ ئەوەی بە ئاشتەوایی بگەڕێنەوە نێو ماڵ وحاڵی خۆیان.

لە بڵاوکراوەکەی تورکیا ئەوەش هاتووە، "پێویست ناکات چیتر لە نێو ئەشکەوت و چاڵەکاندا بژین هەر بۆیە خۆتان رادەستبکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی خۆش و بەختەوەر تەواو بکەن، ئێوە لەنیوەی تەمەنتاندان تا ئێستاش شتی زۆر ماوە بۆ ئەوەی تەواوی بکەن ئەو ژیانەی کە ماوە لەنێو باوەشی خێزان و دۆستەکانت تەواوی بکە، دەرگای بەختەوەری لەبەردەمتان کراوەیە".

No description available.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە، سوپای تورکیا بە بیانوی هەبوونی بنکە و بارەگای پارتی کارێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئۆپراسیۆنی چنگی بروسکە و چنگی هەورە تریشقە کردووە، بەوەش زیان بە ناوچە سنورییەکانی هەرێم گەیشتووە و چەند گوندێکی ناچار بە چۆڵکردن کردووە.