فۆتۆ:
2021-05-20
1263 جار خوێندراوەتەوە
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل کۆتایی پێبێت و ئاڵۆزییەکەشەوە بە 'قبوڵ نەکراو' لەقەڵەمی دەدات. دەشڵێت، "گەر دۆزەخێک لەسەر زەوی هەبێت، ئەوا ژیانی منداڵانی غەززەیە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان تایبەت بە پرسی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی ئەنجومەنی نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەکرد، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەبێت دەستبەجێ رابگیرێت و دەشڵێت، "ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانەی نێوانیان پەسەند کراو نییە".
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان باسی لەوەشکردووە، "توشی شۆک بووم کە دیمەنی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلم بۆ سەر کەرتی غەززە بینی". دەشڵێت، "گەر دۆزەخێک لەسەر زەوی هەبێت، ئەوا ژیانی منداڵانی غەززەیە".
شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە و سەرباری هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و بەستنی ئاگربەست، بەڵام هێشتا شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە و تا ئێستاش ئاماری گیانلەدەستدانەکان بۆ ٢٣٠ فەڵەستینی بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون، هاوکات ١٢ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ دیکەش برینداربوون.