سەردێڕ:

رۆحانی: گفتوگۆکانی ڤییەنا سەرکەوتوبوو لە هەڵگرتنی سزا سەرەکییەکانی سەر ئێران

فۆتۆ: 
2021-05-20

2609 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی ڤییەنادا گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی هەڵگرتنی کۆی سزا سەپێنراوە سەرەکییەکانی سەر وڵاتەکەی، دەشڵێت، "لەبارەی وردەکارییەکانەوە لە گفتوگۆداین."


حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرایکرد، "لایەنە بەشداربووەکانی گفتوگۆکانی ڤییەنا رێککەوتوون لەسەر هەڵگرتنی هەموو سزا سەپێنراوە سەرەکییەکانی سەر ئێران."

حەسەن رۆحانی راشیگەیاند، لە ئێستادا لەبارەی وردەکاری و بابەتە بچوکەکانەوە لەگفتوگۆدان.

ئاماژەی بەوەشدا، "رێککەوتوون لەسەر هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکانی سەر نەوت و پترۆکیمیاوی و بارهەڵگرەکان و بانکی ناوەندی، هەنگاوی گەورەمان ناوە و رێککەوتنی سەرەکی کۆتایی هاتووە."

دوێنێش، حەسەن رۆحانی وتی، ئێران بەردەوامە لە گفتوگۆکانی لە ڤییەنا و پێداگرە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، کۆبوونەکانی لیژنەی هاوبەش لەبارەی کارپێکردنی تەواوەتی نەخشەڕێگای هاوبەشی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستی بە گفتوگۆکانی کردووەتەوە لە پێناو رزگارکردنی رێککەوتنامەی ئەتۆمی کە لەساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا و بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ تاک لایەنانە لێی کشایەوە.