لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی "لیت لیت شۆ" سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا چەندین پرسیاری لەبارەی بوونەوەری ئاسمانییەوە وروژاند، دەشڵێت، "ئەویش دەیەوێت راستییەکان بزانێت".
ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە لە ماوەی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی "لیت لیت شۆ" ئاشکرای کرد، "لە راستیدا کاتێک بوومە سەرۆک پرسیم: ئایا هیچ تاقیگەیەکمان هەیە لە شوێنێکدا نمونەی بوونەوەری ئاسمانی و کەشتی بوونەوەری ئاسمانی تێدا بپارێزین؟ وڵامەکە، نەخێر بوو".
ئەگەرچی سەرەتا ئۆباما بە شێوەیەکی پێکەنین ئامێز باسی لەبابەتەکە کرد، بەڵام دواتر ئاشکرای کرد، "ئەوەی راستیبێت من جدیم لەم بابەتەدا، چونکە هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی و تۆمارکراو لە ئاسماندا تۆمارکراون لەراستیدا نازانین ئەوشتانە چین".
وتیشی، "ناتوانین لێکدانەوە بۆ ئەوە بکەین ئەو شتانە چۆن دەجوڵێن و بە چ ئاراستەیەک دەجوڵێن، بە ئاسانی لێکدانەوەیان بۆناکرێت، لەو باوەڕەشدام لە ئێستادا کۆمەڵێ کەس هەن بە جدی لێکۆڵینەوە لەو بوارەدا دەکەن".
وروژاندنی ئەم بابەتە لەلایەن ئۆباماوە لەبارەی گرتەیی ڤیدیۆیی و تۆمارە دەنگییەکانەوە هاوکاتە لەگەل دانپێدانانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکی لەبارەی هەبوونی بوونەوەر و کەشتی بوونەوەری ئاسمانی، ئەو شتەی رەنگە هەبێت و تا ئێستاش نەناسراوبێت.
بۆ یەکەمجار گەردونناسێک بە ناوى گیۆردانۆ برۆنۆى بیرۆکەی هەبونی بونەوەری ئاسمانی لە سەدەی شانزدەیەمدا خستەڕوو و وتی ئەو ئەستێرانەی لە شەودا دەبینرێن هاوشێوەی خۆرەکەی خۆمانە و ژمارەیەک هەسارەش بە چواردەوریاندا دەسوڕێنەوە و رەنگە بونەوەری عاقڵ لەسەریان بژین، بەڵام لەو سەردەمەدا ئەو قسەیە وەک کفر لێکدانەوەى بۆ کرا و جەستەى ئەو گەردونناسە سوتێنرا.
هەر لەسەر بونەوەرى ئاسمانى هێلین شارمان، یەکەم کەشتیوانی ئاسمانی بەریتانی، جەختی لەسەر هەبوونی بونەوەرى ئاسمانیی کردەوە، بەشێوەیەک وتى ئەگەر زۆرە لەم ساتەدا لەسەر زەوی بن، بەڵام ناتوانرێت بیانبینین.
هەر بۆیە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر و لەسەرەتای سەدەى رابردوودا، لەگەڵ بەکارهێنانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بۆ ئاشکراکردنى بونەوەرى ئاسمانى هێمای ئەلکترۆموگناتیسی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.
ساڵی ١٩٦٠ گەردونناس (فڕانك درەیک) پرۆژەیەکى ئامادەکرد لەسەر گەڕان بە دوای ئەو هێمایانەی کە ڕەنگە بونەوەرە ئاسمانییەکان ناردبێتیان بۆ سەر زەوى.
ئاژانسی ناسا پەیامێکى بە ٥٥ زمان و بە چەندین زانیاریی جیاواز لەسەر هەسارەى زەوى و کۆمەڵەى خۆر ڕەوانەى بۆشایی ئاسمان کرد، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێک نەبووە.
سەرۆکی زانستی گەردونناسی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی چەند مانگێک بەر لە ئستا وتى، "لە ساڵی ٢٠١٧ بونەوەرێکی ئاسمانی سەردانی زەوی کردووە و نیشتوەتەوە و لە داهاتووشدا ژمارەیەکی تریان دەردەکەون".
لەو کاتەوەی ئامێری وێنەگرتن دروستبووە، چەندین وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی دەفرە فڕیوەکان بڵاوبووە و گوایە سەردانی چەند ناوچەیەکی سەر زەوییان کردووە، بەڵام هێشتا ڕاستی وێنە و ڤیدیۆکان یەکلانەکراونەتەوە.
هاوکات دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA بە سەدان بەڵگەنامەى لەسەر بونى دەفرە فڕیوەکان و بونەوەرى ئاسمانى بڵاوکردەوە، بەڵام ئاژانسی ناسا، نە دەڵێت وایە و نەدەشڵێت وا نیە.