سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. بە ئامانجگرتنی شوێنی موشەک هاوێژەکانی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە

فۆتۆ: 
2021-05-20

9186 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە چەند پێگەیەکی موشەک هاوێژی بزوتنەوەی حەماسی بە ئامانج گرتووە کە بەشێکن لە سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەو بزوتنەوەیە لە غەززە.


ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوپای وڵاتەکەی لە تویتەر بڵاوکردەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی موشەک هاوێژی بزونتەوەی حەماسی لە غەززە بە ئامانج گرتووە.

هاوکات، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و بەپێچەوانەشەوە پێی ناوەتە ١١ەمین رۆژەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی تەندروستی فەڵەستینیەوە بڵاویکردەوە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژیەکانەوە ٢٢٨ هاوڵاتی فەڵەستینی کوژراون و دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە سەختردەبێت.

لای خۆشیانەوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە ١٢ هاوڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون و بەردەوامی هێرشە موشەکییەکان هاوڵاتیانی ناچار کردووە خۆیان لە حەشارگەکان بشارنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەنێوەندگیری میسر و قەتەر پرۆژەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین هەوڵی بۆ دراوە و بەگوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش، رەشنووسی پرۆژەی ئاگربەستی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا ئامادەکراوە و بڕیاریشە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەردوو لایەنەکە ئاگربەست رابگەیەنن.

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لەلایەن قەتەر، میسر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاوە گیراوەتەبەر و بایدن لەپەیامێکیشیدا بۆ ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، "پشتگیری کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و راگەیاندنی ئاگربەست دەکات"، بەڵام تائێستا هەردوو لا ئاگر بەست رەتدەکەنەوە و شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە.