کەناڵی 'ئیسرائیل ١٣'ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، کە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت و رەتیکردەوە کە ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست ببێت و بڕیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان بهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کەناڵی 'ئیسرائیل ١٣'ی ئیسرائیلی باسی لەوەکرد، هێرشی سوپای ئیسرائیل و فڕۆکە جەنگییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت و کۆتایی بەشەڕ ناهێنن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەنێوەندگیری میسر و قەتەر پرۆژەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین هەوڵی بۆ دراوە و بەگوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش لە زاری چەند چاوگێکی میسرییەوە، رەشنووسی پرۆژەی ئاگربەستی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا ئامادە کراوە و بڕیاریشە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا هەردوو لایەنەکە ئاگربەست رابگەیەنن.
هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل لەلایەن قەتەر، میسر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی و هەروەها، جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوکانی ئەمریکاوە گیراوەتەبەر و بایدن لەپەیامێکیشیدا بۆ ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، "پشتگیری کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و راگەیاندنی ئاگربەست دەکات"، بەڵام تائێستا هەردوو لا ئاگر بەست رەتدەکەنەوە و شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە.
شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە و سەرباری هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و بەستنی ئاگربەست، بەڵام هێشتا شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە و تا ئێستاش ئاماری گیانلەدەستدانەکان بۆ ٢٢٧ فەڵەستینی بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون، هاوکات ١٢ ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە و ٣٠٠ دیکەش برینداربوون.