جۆبایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیل بایدنی هاوسەری، قەباری باجەکانی خۆیان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئاشکراکرد و تیایدا دەرکەوتووە، بە بەراورد بە ٢٠١٩، لەساڵی ٢٠٢٠دا داهاتییان کەمیکردووە.
ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جۆبایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەباری باجەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ئاشکراکردووە و تیایدا هاتووە، کە لەساڵی ٢٠٢٠دا بڕی داهاتی بایدن ٦٠٧ هەزار و ٣٣٦ دۆلار بووە، ئەمەش دابەزینێکی گەورەی داهاتی بایدنە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ کە ٩٨٥ هەزار و ٢٢٣ دۆلار بووە.
بەگوێرەی داتاکانی کۆشکی سپی، بایدن لەساڵی ٢٠٢٠دا، ١٥٧ هەزار و ٤١٤ دۆلاری وەک باج پێشکەشکردووە کە ئەمەش، بە ٢٥.٩%ی کۆی داهاتی بایدن ئەژمار دەکرێت.
گەڕاندنەوەی بڕی باج بۆ خەزێنەی حکومەت لەلایەن بایدنەوە، لەکاتێکدایە، کە جۆبایدن بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی 'پلانی پەرەسەندنی ژێرخانی ئەمریکا'، فشاری بۆ سەر سەرمایەدارەکانی ئەو وڵاتە لەرێگای زیادکردنی باجەکانیانەوە، دەستپێکردووە.
لەراگەیەندراوێکیدا کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردووە، بڕی باجەکانی خۆی بۆ ٢٣ ساڵی رابردوو بۆ میدیا و گەلی ئەمریکا ئاشكرا کردووە.