سەردێڕ:

رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا بۆ سفر دابەزی

فۆتۆ: 
2021-05-19

3834 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، پاش ساڵێک رێژەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ویلایەتەکانیان بۆ سفر دابەزی و هیچ کەسێک بەهۆی کۆرۆنا گیانی لەدەستنەداوە.


لەراپۆرتێکی ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکیدا هاتووە، رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتەکانی تەکساس، ئەریزۆنا، مینیسوتا، ماساتشوستس، ماریلاند و ڤێرجینیا بۆ رێژەی سفر دابەزیو، لەبارەی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناشەوە، دەسەڵاتدارانی تەندرووستی ئەمریکا باسیان لەوەکردووە، لەمانگی ئازاری ٢٠٢٠ـەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەدا بڵاوبووەوە، رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە و لەهەفتەی رابردووشدا، لەتەواوی ئەمریکا تەنها ٥٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی رێژەی توشبوونی ئەمریکییەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، روشێل والینسکی بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستی ئەمریکا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی ئاشکراکردووە، رۆژی ١٧ی ئەم مانگە لە تەواوی ئەمریکا، ١٧ هەزار و ٧٠٠ کەس توشی کۆرۆنا بوون، کە ئەمەش بە نزمترین رێژەی توشبوون بە کۆرۆنای لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ـەوە، لەقەڵەمداوە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا COVID 19 لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لەشاری وهانی چین سەریهەڵدا و دواتریش بە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەوە، تائێستاش لە ئەمریکا ٣٣ ملیۆن و ٧٧٥ هەزار و ٨٧٦ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و ٦٠١ هەزار و ٣٨٤ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە.