سەردێڕ:

رۆژنامەیەکی ئەمریکی: پەیامەکەی بایدن بۆ ناتانیاهۆ هەر ئەوەندە نییە کە ئاشکراکراوە

فۆتۆ: 
2021-05-19

7497 جار خوێندراوەتەوە

تایبەت بە پرسی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پشتگیری خۆی و وڵاتەکی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و رۆژنامەیەکی ئەمریکیش دەڵێت، "پەیامەیەکە بەهێزتر بووە لەوەی ئاشکراکراوە."


رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' لەبارەی پەیوەندییەکی رۆژی دووشەممەی جۆبایدنەوە ئاماژەی بەوەکردووە، پەیامەکەی بایدن بەهێزتربووە لەوەی کە ئاشکراکراوە و لەپەیوەندییەکەدا، بایدن بە ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی  راگەیاندووە، "ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر فشارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆنگرێس بەمەبەستی ئاساییکردنەوە و راگرتنی هێرشەکان، بمێنێتەوە."

رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری دوو چاوگی ئاگادار بە پەیوەندییە تەلەفونییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بایدن باسی لەوەکردووە کە توانای ئەو سنوردارە بۆ پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل؛ بە هەنگاوە دیپۆلماسییەکان.

رۆژی ١٧ی ئەم مانگە، لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا، جۆبایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا  و بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گەنگەشەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیانیان کرد و بایدن رایگەیاند، "ئەمریکا پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات و مافی خۆیەتی کە بەگری لە خۆی بکات"، هاوکات، داوای راگرتنی شەڕ و گرژییەکان و راگەیاندنی ئاگربەستی کرد.

شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە، سەرباری هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و بەستنی ئاگربەست، بەڵام هێشتا شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە و تا ئێستاش ئاماری گیانلەدەستدانەکان بۆ نزیکەی زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون.