سەردێڕ:

جارێکی دیکە ترەمپ دەگەڕێتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-19

9500 جار خوێندراوەتەوە

مانگی داهاتوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی حزبی کۆمارییەکان.


بڕیارە کۆنگرەی کۆمارییەکان لە ویلایەتی نۆرس کارۆلینا و لە هۆڵی گرینفێڵ بۆ کۆنگرەکان لە نێوان ٣ تا ٦ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکات، پێشتریش چەندین جار سەردانی ویلایەتی نۆرس کارۆلینای کردووە و وتاری تێدا پێشکەش کردووە.

لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ و ٢٠٢٠دا چەندجارێک سەردانی ئەو ویلایەتەی کردووە.

پێشبینی دەکرێت جارێکی دیکە لەکاتی ئامادەبوونی ترەمپ لە کۆنگرەی پارتەکەیدا بابەتی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ بوروژێنێتەوە، چونکە پێشتر ئەم نیازەی نەشاردووەتەوە.

لە مانگی ئازاری رابردوو ترەمپ رایگەیاند، کۆتا بڕیاری خۆی بۆ خۆکاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا پاش ئەنجامدانی کۆنگرەی "نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێس" لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاشکرا دەکات.

راشیگەیاند، متمانەی بە پارتی کۆمارییەکان و تواناکانی هەیە بتوانێت جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ بۆ کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

هاوکات، پاش دەرچوونی لە کۆشکی سپی چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، بەڵام لەو کاتەوەی لایەنگرانی هەڵیان کوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ و هێرشیانکردە سەر ئەفسەرانی پۆلیس، لە کۆنگرەی هەڵبژاردنی پارتەکەیدا هیچ وتەیەکی پێشکەش نەکردووە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کە تیایدا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن رکابەری سەرەکی بوون و لە ئەنجامیشدا جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بوو و بووە ٤٦ـەمین سەرۆکی ئەو وڵاتە.