سەرۆکی پارتی 'نەتەوەپەرستی' تورکیا رایگەیاند، "هەنگاوی چەکدارانەی ئیسرائیل لە سنور دەرچووە" و هۆشداریش دەدات لەوەی جیهان روبەڕوی جەنگێکی جیهانی یان ناوخۆیی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی 'بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی' تورکیا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لەوەکردووە، کە کردە چەکدارییەکانی ئیسرائیل لە سنوری خۆی تێپەڕی کردووە و دەشڵێت، "ئەگەر ئەم گرژییانە بەردەوام بێت، ئەوا خۆمان لەبەردەم بژاردەی جەنگێکی هەرێمی یانیش نێودەوڵەتی دەبینینەوە."
سەرۆکی پارتی 'بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی' تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هیچ پلانێکی تایبەت بە درووستکردنی هێزی تایبەتی ئاشتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، یان بەشداریکردنی دەوڵەتانی ئیسلامی بۆ پاراستنی قودس پێکنەهێندرێت، ئەوا دەبێت تەواوی مرۆڤایەتی وانەیەک لە مێژوو وەربگرێت.
شەڕ و گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین پێدەنێتە هەفتەی دووەمەوە، سەرباری هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و بەستنی ئاگربەست، بەڵام هێشتا شەڕ و گرژییەکان بەردەوامە و تا ئێستاش ئاماری گیانلەدەستدانەکان بۆ نزیکەی زیاتر لە ٢٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش بەهۆی بۆردومانەکانەوە برینداربوون.