سەردێڕ:

تاران: یان رێککەوتن لەسەر هەموو شتێک لە ڤییەنا یان هیچ شتێک

فۆتۆ: 
2021-05-18

3797 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێکی سەرەتایی لە گفتوگۆکانی ڤییەنا لە بارەی ئەتۆمەوە ناکرێت، هیچ رێککەوتنێکش ناکرێت ئەگەر لەسەر هەموو شتێک رێکنەکەوین.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی لە ڤییەنا بەڕێوەدەچێت بەردەوامبوونی گفتوگۆ هونەرییەکانە لە سێ گروپی کارکردنەکە و هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکان و رێکخستنی جێبەجێکردنیەتی.

لەلایەن خۆیەوە، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکرد، کات رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گفتوگۆکانی زیندوکردنەوەی رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران، ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆکان کاتێکی زۆریان پێدەچێت، بەڵام لەکەشێکی باشدا بەڕێوەدەچن.

باسی لەوەشکرد، گفتوگۆکان قورس و سەختن، بەڵام هەموو بەشداربووان لە کەشێکی باشدا گفتوگۆکان بەڕێوەدەبەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی رابردوو گفتوگۆکانی ڤییەنا لە نێوان ئێران و روسیا و چین و ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا لەبارەی زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بە ئامانجی رێگریکردن لە و وڵاتە بۆ وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا سزا سەپێنراوەکانی بەسەر کەرتە جیاجیاکان و کۆمپانیا و بانک و کەسایەتییەکان هەڵگرێت.