سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرکردەیەکی باڵای پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کوشتووە، هاوکات، تاوەکو ئێستا پەکەکە پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاشکرایکرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا، فەرماندەیەکی باڵای پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کوشتووە.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو فەرماندەیە ناوی 'سۆفی نورەدینە' و بەرپرسی گشتی کاروباری پەکەکەیە لە سوریا و بۆ چالاکی سەربازی هاتبووە هەرێمی کوردستانەوە.
لە بەرامبەردا، تاوەکو ئێستا پارتی کرێکارانی کوردستان 'پەکەکە' هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و هیچ شتێکی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە.
ئەردۆغان باسی لەوەشکردووە، سۆفی نورەدین چەندین چالاکی سەربازی ئەنجامداوە و بەرپرسی زۆریك لەو هێرشانە بووە کە کراوەتە سەر سەربازەکانیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی 'قەڵغانی فوڕات و چڵە زەیتوون' لە سوریا.
رۆژی ١٠ی شوباتی ئەمساڵ، وەزارەتی بەرگری تورکیا، یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی ٢ی لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە تیایدا فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و هێزێکی سەربازی، کە پێکهاتبوو لە دوو هەزار و ٢٠٠ سەرباز، رۆژی ١٤ی مانگیش، تورکیا کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکەی راگەیاند.