سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر بارەگا دبلۆماتییەکانی وڵاتەکەی لە عێراق دەربڕی. هاوکات، راشیگەیاند، "پێویستە حکومەت بە توندی بەرپەرچی ئەم دەستدرێژیانە بداتەوە".
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، داعش هێشتا مەترسییەکانی هەڕەشەن بۆ سەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هاوکاری نێوان دوو وڵاتی بۆ روبەڕووبوونەوەی بە پێویست و گرنگ زانیوە.
رۆحانی راشیگەیاندووە، ئەمریکا یارییەکی دوو جەمسەرییانە لەگەڵ تیرۆردا دەکات و بوونی هێزەکانی ئەمریکای لەسەر سنورەکانی سوریا – عێراقی بە ناڕون وسفکردووە
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بوونی ئەمریکا لە عێراق یارمەتی بەرقەراربوونی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق نادات.
لەپەیوەندییەکەدا رۆحانی گرنگی پەرەپێدان و قوڵتر کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران وءێراقی بە گرنگ وەسفکردووە لەهەموو بوارەکانی سیاسی و ئابووری و فراوانکردنی هاریکاری هەرێمی لە ناوچەکەدا.
هاوکات، سوپاسی حکومەت و گەلی عێراقی کردووە لەبارەی هەڵوێست وەرگرتن و پشتیوانی کردنی کێشەی فەلەستین و داواکردووە عێراق لە رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لەم بارەیەوە رۆڵی خۆی بگێڕێت.