سەردێڕ:

چارەنووسی سەرۆکە هەڵبژێردراوەکانی ئێران

فۆتۆ: 
2021-05-17

5885 جار خوێندراوەتەوە

​لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە، تا ئێستا چەند سەرۆکێک لەو وڵاتەدا هەڵبژێردراون و دەست بەکاربوون، دووەم سەرۆک هەڵهاتووەو سێیەمیان لە رووداوی تەقینەوەدا گیانی لەدەستداوە، چوارەمیش تەنها چوار هەفتە ماوەتەوە، لەم راپۆرتەدا چارەنوسی سەرۆکەکانی ئێران دەخەینەڕوو.


ژیانی سیاسی سەرۆکەکانی ئێران لە چوار دەیەی رابردوودا و بە هۆی گۆڕانکارییەکان و هەڵکشان و داکشانە سیاسییەکانەوە گۆڕانکاری گەورە بەسەر ژیان و چارەنوسیاندا هاتووە، تەنانەت هەندێکیان بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی ئەو حکومەت و دەسەڵاتەی خۆیان ماوەیەک بەڕێوەیان بردووە.

بازرگان یەکەم سەرۆککۆماری ئێران

یەکەم سەرۆککۆماری ئێران بوو لە ٥ی شوباتی ١٩٧٩ بۆ ماوەیەکی کاتی و پاش شۆڕش بە فەرمانی  ئایەتوڵا خومەینی رابەری باڵا و دامەزرێنەری شۆڕش هەڵبژێردرا.

بازرگان و بەشێکی زۆری ئەندامانی پارتەکەی "بزوتنەوەی ئازادی ئێران" لەلایەن خومەینیەوە پشتیوانییەکی گەورەدەکران، بەڵام تەباییەکەیان تەنها نۆ مانگی خایاند و لەو ماوە کورتەشدا چەندین نامەی دەست لەکارکێشانەوەی بەهۆی ئەو لەمپەر  و رێگرییانەی بۆی دروستدەکرا پێشکەش کرد و دواجار دوو رۆژ پاش هەڵکوتانە سەر بالیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە، کە بازرگان نەیاری ئەو روداوەبوو، دەست لەکارکێشانەوەکەی قەبوڵکراو دەست بەرداری دەسەڵاتبوو.

بەمەش ژیانی سیاسی بازرگان کۆتایی هات، لەگەڵ ئەوەی ئەندامی پەرلەمان بوو، بەڵام مافی رادەربرینی لێ سەنرایەوە و رێگەی پێنەدرا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندیدبکاتەوە و بەشداری بکات.

المهندس بازرجان والخميني

 سەرۆکێکی ئۆپۆزسیۆن

ئەبو حەسەن بەنی سەدر، پاش ئەوەی بە پشتیوانی "کۆمەڵەی پیاوانی ئاینی شۆڕشگێڕ" لە هەڵبژاردنەکاندا ١١ ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، لە دەستپێکی جەنگی نێوان عێراق- ئێراندا و لە مانگی حوزەیرانی ١٩٨١ پەرلەمان دەنگیدا لەسەر نەشیاوی بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی و پشتیوانی خومەینی لەدەستدا پاش ئەوەی ململانێکانی لە گەڵ پیاوانی ئاینی شۆڕشگێڕ و حزبی "کۆماری ئیسلامی ئێران" دەستیپێکرد.

لە ئێستادا تەمەنی ٨٧ ساڵەو لە فەرەنسا دەژی و خۆی بە رابەری ئاشکرا کردنی دۆسییە ئابڕوبەرەکان و گەندەڵییەکانی ئێران دەزانێت و بەشداری کرد لە ئاشکرا کردنی دۆسیەی ئابروچوونی "ئێران کۆنترا"، هاوکات، دژی پرۆژە و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و دەستوەردانە دەرەکییەکانی ئێرانە لەکاروباری وڵاتان.

بني صدر يقبل يد الخمين

 تەنها ٢٨ رۆژ لەدەسەڵاتدا مایەوە

پاش هەڵهاتنی بەنی سەدر، ئەندامانی "حزبی کۆماری ئیسلامی ئێران"  محەمەد عەلی رەجائیان وەک سەرۆککۆمار هەڵبژارد، بەڵام تەنها چوار هەفتە لەدەسەڵاتدا مایەوەو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک لە نوسینگەی سەرۆککۆمار لە ئەیلولی ١٩٨١ لەگەڵ محەمەد جەواد باهونەری سەرۆکوەزیرانی ئەوکات گیانیان لەدەستدا.

رجائي والخميني

ئایەتوڵا خامنەیی

ئایەتوڵا عەلی خامنەیی سێیەم سەرۆککۆماری ئێران بە گوێرەی ریزبەندی و یەکەم سەرۆککۆمار دوو خولی تەواو لە پۆستەکەیدا بەردوامبوو پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨١دا هەڵبژێردرا.

دوای کۆچکردنی خومەینی رابەری باڵای شۆڕش لە ساڵی ١٩٨٩دا بە پشتیوانی هاشمی رەفسنجانی بە "رابەری باڵای شۆرش و وەلی فەقیهی رەها و سەرپەرشتیاری گەورەی ئومەتی ئیسلامی" هەڵبژێردرا و تا ئێستاش و لەتەمەنی ٧٨ ساڵیدا لە پۆستە باڵاکەی بەردەوامە کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراندنی ئەندامانی ئەنجومەنی دەستنیشان کردنی بەرژەوەندی دەوڵەت و فەقیهەکان و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەری دەستوری هەیە.

خامنئي والخميني

بەهێزترین سەرۆککۆمار

پاش ئەوەی عەلی خامنەیی بە پشتیوانی رەفسنجانی بووە رابەری باڵای شۆڕش، هاشمی رەفسنجانی بۆ دوو خولی بەردەوامی یەک لەدوای یەک بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

رەفسنجانی، بەهۆی هەڵوێست و کارەکانییەوە لەلایەن دۆستان و نەیارانییەوە چەندین نازناوی وەک "ئەندازیاری شۆڕش" و "هاوڕێی خومەینی" و "سەرکردەی دووبارە بیناکردنەوەی ئێران" و "دروستکاری پاشاکان" و "پیاوی پشت پەردەی روداوەکان"ی پێبەخشرا و دواتر بەهۆی ئەوەی بە شێوەی ناراستەوخۆ پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ دەربڕی  نەیارەکانی نازناوی "ئاژاوەگێڕی بێدەنگ"یان پێدا.

رفسنجاني وخامنئي والخميني

لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجومەنی پاراستنی دەستور بە بیانووی تەمەن زۆری رێگەیان پێنەدا جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری کاندید بکاتەوە و بەشێوەیەکی کتوپڕ و ناڕون لە ساڵی ٢٠١٧ گیانی لەدەستدا و نوسینگەکەی داخراو و قۆناغی "ژیانی سیاسی پاش رەفسنجانی" یەکێکە لەچەمکە باوەکانی ئێستای ناو ژیانی سیاسی ئێران.

خێزانەکەی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و تەنگپێهەڵچنین کرانەوە و مەهدی کوڕی خرایە زیندانەوە و فائیزەی کچیشی بوویە دەنگێکی نەیاری دەسەڵاتی ئێران و داوای گۆڕانکاری دەکات لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

 لە ئێستادا موحسینی کوڕی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و هەمان دروشمەکانی باوکی هەڵگرتووەتەوە.

 

سەرۆکی چاکسازییەکان

پاش رەفسنجانی، محەمەد خاتەمی ناسراو بە "ئەندازیاری چاکسازییەکان" و "داهێنەری بیرۆکەی گفتوگۆی ژیارەکان"، بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراو  توانی دوو خولی تەواو لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.

لە پاش بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩ پشتیوانی لە "جوڵانەوەی سەوز"کرد. لەوکاتەوە خامنەیی رابەری باڵای شۆرش لێی توڕەیە و بڕیاریدا نابێ لە راگەیاندنەکانی وڵاتدا بە هیچ شێوەیەک ناوی بهێنرێت و مافی بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی نییە و بۆشی نییە گەشتی دەرەوەی وڵات بکات و نازناوی "سەری ئاژاوەگێڕی" و "تێکدەری" لێنا.

هاوکات، لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی دانان و سوێندخواردنی حەسەن رۆحانیدا، وتار بێژەکان فەتوایاندا، هەتا "پەشیمان" نەبێتەوە و "داوای لێبوردن" نەکات، بۆی نییە وەک سەرۆکی پێشووی وڵات ئامادەی رێوڕەسمەکە بێت.

دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری "ناوەندی باران"ە کە لە رێگەی راگەینراوەکان و لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا بەردەوام داوای ئاشتەوایی نیشتیمانی دەکات، بەڵام دواجار خامنەیی وەڵامی دایەوە کە "خەڵکی لەگەڵ ئاژاواگێرانی عاشورای ٢٠٠٩ ئاشتەوایی ناکەن".

محمد خاتمي وخامنئي

کوڕە نازدارەکە

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ مەحمود ئەحمەدی نەژاد  بە پشتیوانی  رابەری باڵا و سوپای پاسداران و رەوتی پارێزگاران سەرکەوتنی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩  سەرۆکی رەوتی ریفۆرمخوازەکان میر حوسەینی موسەوی سەرکەوتنی خۆی راگەیاند، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد راگەیەنرا و بەمەش شەقامی ئێرانی بە تۆمەتی ساختەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وروژا و خەڵکی رژانە سەرشەقامەکان.

ئەحمەدی نەژاد بە کوڕە نازدارەکەی خامنەیی نەمایەوە، بەڵکو وردە وردە راجیاوازی و ناکۆکییەکانی لەگەڵ رابەری باڵادا سەریهەڵدا و لایەنگرانی رابەر پشتیان تێکرد و نزیکەکانی نەژادیان بە "رەوتی هەڵگەڕاوە" ناوزەدکرد و دۆستەکانیان راپێچی زیندانەکان کرد. لە ساڵی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پاراستنی دەستور خۆکاندیدکردنەوەی نەژادیان رەتکردەوە. لە ئێستادا خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵ کاندید کردووەتەوە.

هاوکات، هەژاران و پەراوێزخروانی ناو کۆمەڵگەی ئێرانی کە نەژاد پشتیوانی دەکردن، بوونەتە تاکە پشتو پەنای نەژاد و لایەنگری دەکەن.

أحمدي نجاد وخامنئي

رۆحانی، بنەڕەتخوازێکی میانڕەو

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٣ بە پشتگیری کردنی رەوتی ریفۆرمخوازەکان  و هاشمی رەفسنجانی، حەسەن رۆحانی توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دروشمی "پلان و ئومێدی" راگەیاند و توانی لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان لەبارە بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەیەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و رێککەوتنەکە واژۆبکات و گرژییەکانی پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی وڵاتەکەی خاوبکاتەوە و سزای سەر هەندێک لە کۆمپانیاکان لاببات. بەمەش توانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە و بۆ خولی دووەمیش ببێتەوە بەسەرۆکی وڵات، بەڵام بەهۆی کشانەوەی تاک لایەنانەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨ بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی، لایەنگرانی خامنەیی بە "خۆبەدەستەوەدان بە خۆرئاوا" تۆمەتباریان کرد. هاوکات، لەگەڵ زیندوکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤییەنا لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوە ریفۆرمخوازەکان دەیانەوێت ئەمەش وەک دەستکەوتێک بناسێنن و بتوانن پشتیوانی ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی رۆحانی پێ بکەن تا خۆی کاندید بکات.

روحاني وخامنئي