سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە راناوەستێت و بەردەوام دەبێت، سوپاسی بایدنیش دەکات بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ فەڵەستین باسی لەوەکرد، "هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کەرتی غەززەی فەڵەستین بەردەوام دەبێت و کۆتایی پێ نایەت".
ئەم وتانەی بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدایە، بۆمباران و هێرشی فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە پێ دەنێتە حەوتەم رۆژی و ئەمڕۆش لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا، ٤٢ فەڵەستینی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.
لەماوەی هەفتەی رابردووشدا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، ١٨٨ فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ٥٥یان منداڵ و ٣٣شیان ژنن، زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ فەڵەستینی دیکەش برینداربوون. هاوکات، بەهۆی هێرشەکانی فەڵەستینیشەوە، ١٠ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە کە دویانیان منداڵن.