سەردێڕ:

٢٠٠ فڕۆکەی ئیسرائیلی بۆردومانیان کرد و ٢٣ فەڵەستینی کوژران

فۆتۆ: 
2021-05-16

3180 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرتی غەززە لە فەڵەستین رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا، هاوکات، بەگوێرەی میدیاکان، زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی ئیسرائیل بۆردومانی غەززەیان کردووە.


میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە هێرش و بۆردومانەکانی شەوی رابردوودا چوار خانوو لە گەڕەکی حەی رەمال لە خۆئاوای غەززە بە ئامانجگیراوە.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کەرتی غەززە لە فەڵەستین رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا ٤٥ کەس برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کە لە هێرشەکانی شەوی رابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکە بەشداریان کردووە.

لە ماوەی یەک هەفتەی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئێستا ١٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە حەوتیان ئەندامی یەک خێزانن و لە نێویشیاندا ٤٧ منداڵ و ٢٩ ژن هەن، هاوکات، هەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون.