سەردێڕ:

بایدن پەیوەندی بە ناتانیاهۆ و مەحمود عەباسەوە کرد

فۆتۆ: 
2021-05-15

2310 جار خوێندراوەتەوە

دوا بە دوای پەرەسەندنی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی فەڵەستینەوە کرد.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە پرسی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بە جیا پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ و مەحمود عەباسەوە کردووە و لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردوون.

لەبارەی پەیوەندییەکەی بایدن بە مەحمود عەباسەوە، نەبیل ئەبو رودینا وتەبێژی مەحمود عەباس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "گفتوگۆکەی نێوان جۆ بایدن و مەحمود عەباس گرنگ بووە"، بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی وردەکاری گفتوگۆکەی نێوان هەردوو سەرۆکەکەوە بخاتەڕوو.

هەر لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە و هێرشەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو باڵەخانەیەی کە میدیا جیهانییەکانی تێدایە، بایدن پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە و دوای پەیوەندییەکە ناتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە گرژییەکانەوە تێوەنەگلاون."

هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا باڵەخانەی 'جەلا تاوەر'ی ١٣ نهۆمی خاپوربووە، کە نوسینگەی رۆژنامەنووسانی بیانیی و هەریەکە لە تەلەفزیۆنی جەزیرەی قەتەری و پێگەی ئەسۆشییەیتد پرێسی ئەمریکیی تێدایە و دەکەوێتە کەرتی غەززەوە.

گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکانیش، تا ئێستا ١٤٠ فەڵەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٩٥٠ کەسیش بریندارن.