ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە باڵەخانەی رۆژنامەنووسە بیانییەکان لە کەرتی غەززە خاپوربووە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا باڵەخانەیەکی ١٣ نهۆمی خاپوربووە، کە نوسینگەی رۆژنامەنووسانی هەریەکە لە تەلەفزیۆنی جەزیرەی قەتەری و پێگەی ئەسۆشییەیتد پرێسی ئەمریکییە لە کەرتی غەززە.
باڵەخانەکە ناوی 'جەلا تاوەر'ە و دەکەوێتە کەرتی غەززەوە و تیایدا نوسینگەی رۆژنامەنووسانی جەزیرە و کەناڵە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی تیایە و رووماڵی بەردەوامی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیان کردووە.
لەبارەی خاپوربوونی 'جەلا تاوەر'یشەوە، جەواد مەهدی خاوەنی باڵەخانەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، پێش رووداوەکە ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ئاگاداریکردووەتەوە تەنها کاتژمێرێکی لەبەردەستە بۆ چۆڵکردنی تەواوی باڵەخانەکە.
گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکانیش، تا ئێستا ١٤٠ فەڵەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٩٥٠ کەسیش بریندارن.