سەردێڕ:

لیستی ناوی کاندیدانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئێران ئاشکرا کرا

فۆتۆ: 
2021-05-15

1865 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئێران ناوی کاندیدانی وڵاتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە کە لە مانگی داهاتوودا بەرێوەدەچێت. هاوکات، تا ئێستا ١٣٠ کەس خۆیان کاندیدکردووە کە لەناویاندا عەلی لاریجانی و کوڕی رەفسنجانی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە دیارترینیانن.


ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنی ئێران بە میدیاکانی رایگەیاند، ١٣٠ کەس خۆیان بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە کاندیدکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران و موحسین هاشمی، سەرۆکی شارەوانی تاران و کوڕی هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆکی پشوتری رەوتی چاکسازی و دەستەی باڵای بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە لە کاندیدە دیارەکانن.

باسی لەوەشکرد، مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران و  مەسعود پزیشکی، جێگری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ئێران و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە و حسێن دەهقان، وەزیری پێشوتری بەرگری و سادق خەلیلیان، وەزیری پێشووتری کشتوکال و سەعید محەمەد، سەرۆکی پێشوی بارەگای خاتەم ئەنبیا و موحسین رەزایی، ئەنداری کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندی سیستمی ئەو وڵاتە خۆیان بۆ سەرۆکی ئێران کاندید کردووە.

ئاشکراشیکرد، لەئێراندا ٥٩ ملیۆن و ١٣٠ هەزار و ٣٠٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و ملیۆنێك و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هەزار کەسی دیکە یەکەم جاریان بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ٢٦ و ٢٧ی ئەم مانگە دوای ئەوەی ناوەکان لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستور کە سەرپەرشتی هەڵبژرادنەکان دەکات  لیستی ناوی کاندیدەکانی پشتڕاستکردەوە و رێگەیدا بەفەرمی بڵاوبکرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە ٢٨ی ئەم مانگە  تا ١٦ی حوزەیران هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بەردەوامدەبێت و لە ١٧ی حوزەیران کۆتایی بە هەڵمەتەکە دێت و  لە ١٨ی حوزەیران دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕوی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوای روخانی دەسەڵاتی رەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٨٠دا دامەزراوە، کە سیستمی حکوم لەو وڵاتە لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری گۆڕا و لەوکاتەشەوە ١٢ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوەچووە و حەوت کەسیش پۆستی سەرۆککۆماری ئێرانیان لەو ماوەیەدا بەڕێوەبردووە.