سەردێڕ:

موفتی مۆسکۆ داوا لە پەیڕەوانی ئایینەکان دەکات بەشداری لە رێوڕەسمی جەژنی رەمەزاندا بکەن

فۆتۆ: 
2021-05-13

4003 جار خوێندراوەتەوە

موفتی شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا داوای لە نوێنەر و شوێنکەوتوانی ئاینەکانی دیکە کرد بەشداری موسڵمانان بکەن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکان و خوانی جەژنی رەمەزاندا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، شێخ ئەلبێر کرغانۆڤ موفتی شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیا رایگەیاند، "ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان مرۆڤەکاندا، هەربۆیە داوا لە قشەی کریستیانەکان و حاخامی جولەکە و پیاوانی رۆحی بوزییەکان دەکەین ئامادەی ئاهەنگەکانمانبن".

راشیگەیاند، پێویستە موسڵمانان دراوسێ کریستیان و جولەکە و بوزییەکانی بۆ خوانی جەژن بانگهێشت بکەن، نەک تەنها موسڵمانان ئامادەی بن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کاتی پێشکەشکردنی خوانی ئێواران لە رەمەزاندا بۆ رۆژووشکاندن هاوڵاتیانی دیکە لە ئاینە جیاوازەکان ئامادە بوون و ئەمەش بووەتە بەشێک لە کەلتوری ئاینی لە روسیا.

باسی لەوەشکرد، "ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین فرە ئایین و رەگەزە، پێویستە باوەڕی جیاوازی ئاینەکان کار لەسەر یەکخستنی خەڵک بکات، نەک جیایان بکاتەوە، ئێمە ئاوا لەیەکتر تێدەگەین و ئەم رێگەیەشمان گرتووەتەبەر."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چەندین وڵاتی موسوڵمان نشیندا بە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریکرا و لەم رۆژەشدا موسوڵمانان پاش مانگێک لە بەرۆژووبوون، ئاهەنگی جەژن دەگێڕن و سەردانی یەکتر دەکەن و "گەردن ئازایی" لە یەکتری دەکەن.