لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا هیوای خواست بەزووترین کات سنوورێک بۆ ململانێکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل دابندرێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، " هیوا دەخوازم بەمزووانە ململانێکان کۆتاییان پێبێت، بەڵام ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆدا ئەنجامداوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان.
لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا بلینکن نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکیەکانی سەر ئیسڕائیل و دووبارە داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد گرژییەکان کەم بکەنەوە.
راشیگەیاند، پێویستە ئیسڕائیلیەکان و فەڵەستینیەکان بە پارێزراوی بژین.
هاوکات، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ هاوتا ئیسڕائیلییەکەی جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکای لەسەر مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی کردۆتەوە.
جۆن کیربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "وەزیر ئۆستن پشتیوانی وەزارەتەکەی لە مافی ئیسڕائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی و گەلەکەی ڕوونکردۆتەوە و بەتوندی سەرکۆنەی هەڵدانی موشەکەکانی کردووە لەلایەن حەماس و گروپە تیرۆریستیەکانی دیکەوە بۆ سەر ئیسڕائیل."
دەشڵێت، "ئۆستن جەختی لەوە کردۆتەوە پێویستە سەرجەم لایەنەکان ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە."
گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی، بە بڕیاری دادگا داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن، عەرەبەکانی ئۆرشەلیم "قودس"یش دەڵێن لەسەر لاشەیان دەتوانن خانووەکانیان لێبسێنن.
شەوی ٩ی ئەم مانگەش نوێژخوێنان دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، دژی نیشتەجێکردنی جولەکەکان لە گەڕەکی شێخ جەڕاح خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا زیاد لە ٢٠٠ فەلەستینی و نزیکەی ١٥ پۆلیسی ئیسرائیلیش برینداربوون.