ئەمڕۆ چوارشەممە مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران پەڕاوەکانی خۆی بۆ خۆکاندیدکردن پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد بەنیازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ١٨ی حوزەیرانی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی پرێس تی ڤی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەحمەدی نەژاد گەیشتە وازارەتی ناوخۆی ئێران بە مەبەستی تۆمارکردنی خۆی وەک کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوری ئێران ئەوکەسەی خۆی کاندید دەکات دەبێت سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکات و ئەو پەڕاوانەی پێویست و داواکراون لەگەڵ خۆی بیانبات و رادەستی وەزارەتی بکات.
پێشتر و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ ئەنجومەنی پاراستنی دەستور رەتیکردەوە نەژاد خۆی کاندید بکات و رێگەیان پێنەدا، هاوکات، بەهۆی ئەوەی حەسەن رۆحانیش سەرۆکی ئێستای ئێران دوو خول سەرۆکایەتی کردووە، مافی خۆ کاندیدکردنەوەی نییە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ.
لە ئێستادا ژمارەیەک سەرکردەی سەربازی بەنیازن بەشداری چالاکە سیاسییەکانی ئێران بکەن، بەو مەبەستەش بەنیازن خۆیان کاندید بکەن و بچنە ناو رکابەرێتی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە، ئەم هەنگاوەش ترس و نیگەرانی بڵاوکردووەتەوە لە بە سەربازیکردنی رۆڵی سیاسەت و حوکمڕانی لە ئێراندا.
ئەنجومەنی پاراستنی دەستور پێنج رۆژ مۆڵەتیداوە بە کاندیدەکان تا ناوی خۆیان لەوەزارەتی ناوخۆ تۆماربکەن لە پێناو پشکنینی لێهاتوویی و پەسەندکردنیان بە گوێرەی پێودانگە سیاسی و ئاینییەکان. لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەکی نائاسیش ئەو کاندیدانە دوردخرێنەوە کە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕش پەسەندیان ناکات.
هاوکات، دامەزراوە ئاینییەکانی ئێران هیواخوازە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوە نرخی کاڵا و شتومەک و پێداویستییەکان و بەرزبوونەوەی رێژیەی بێکاری و بەردەوامبوونی گرفتە ئابورییەکان بەهۆی سزا سەپێندراوەکانی ئەمریکاوە، هاوڵاتیان بە شیوەیەکی لاواز پێشوازی لە هەڵبژاردنەکان و دەنگدان دەکەن.
بۆ ئەمساڵ ٥٩ ملیۆن و ٣١٠ هەزار و ٣٠٧ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و ٣٩٢ هەزار و ١٤٨ هاوڵاتی یەکەمجاریانە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و دەنگدەدەن.