سەردێڕ:

گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەهەڵکشاندایە

فۆتۆ: 
2021-05-12

6076 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەریەکە لە ئیسرائیل و فەڵەستین، تا ئێستا ٣٦ فەڵەستینیی و پێنج ئیسرائیلی لە ئاکامی گرژییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٧٠٠ کەسیش بریندارن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ئیسرائیل تانک و زرێپۆشی بەرەو فەڵەستین جوڵاند.


شەوی رابردوو، گروپی چەکداری حەماس و رێکخراوە چەکدارییەکانی فەڵەستین، هێرشێکی موشەکیی چڕییان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لەراگەیەندراوێکیشدا ئەو گروپە ئاماژەی بەوەکرد، ١٣٧ موشەکییان ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کردووە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەئاکامی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، دوو سەرکردەی باڵای بزووتنەوەی حەماس لەئاکامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە کوژراون، ئەوانیش  (حەسەن قەهوەچی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بزووتنەوەی حەماس و جێگرەکەی وائل عیسا)یە.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵییەکان، سوپای ئیسرائیل تانک و زرێپۆشی وڵاتەکەی لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ فەڵەستین جێگیرکردووە و، ئەگەری ئۆپەراسیۆنی نوێ لەئارادایە.

No description available.

لەلایەکی تریشەوە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە ئاکامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسەوە، بۆری نەوتی ئیسرائیلی لە نزیک عەسقەڵان کردوەتە ئامانج و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیشەوە، ماڵپەڕی جەزیرە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سوپای ئیسرائیل چەند بنکەیەکی پۆلیسی لە فەڵەستین کردوەتە ئامانج و بەتەواوی خاپوور بوون، هاوکات بە دەیان خێزانیش بەهۆی خاپوربوونی خانوەکانیانەوە، ئاوارەبوون.

گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی، بە بڕیاری دادگا داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن، عەرەبەکانی ئۆرشەلیم "قودس"یش دەڵێن لەسەر لاشەیان دەتوانن خانووەکانیان لێبتێسنن.

No description available.

 

شەوی ٩ی ئەم مانگەش نوێژخوێنان دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، دژی نیشتەجێکردنی جولەکەکان لە گەڕەکی شێخ جەڕاح خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا زیاد لە ٢٠٠ فەلەستینی و نزیکەی ١٥ پۆلیسی ئیسرائیلیش برینداربوون.

May be an image of outdoors